A+ A A-

ڕاگەیەنراوی حزبی حکمەتیست دەربارەی خۆپیشانە مەزنەکانی ئێران،

Share

 

بزووتنەوەی جەماوەری بۆ روخانی حکومەتی ئیسلامی فراوان دەبێتەوە!

لەپێناو سەرکەوتنێکی کرێکاریدا بۆ پێشەوە!

خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، ژنان و پیاوان و لاوانی ئازادیخواز، لە مەودای بەرفراوان و دەیان هەزار نەفەریدا، لە زیاتر لە شەست شاری ئێراندا، بە دژی گرانی و هەژاری و ناهەمواری ئابووری، بە دژی ئیستیبداد و کۆنەپەرستیی ئیسلامی هاتوونەتە مەیدان. ئەمە ڕاپەڕینی ستەم لێ کراوانی کۆمەڵگایە بۆ نان و ئازادی کە چیتر ناتوانن وەزعی مەوجود تەحەمول کەن. ئەمە ڕاگەیاندن و سەلماندنی ئەم حوکمە پێشینەی ئێمەیە کە کۆمەڵگای ئێران حکومەتی ئیسلامیی ناوێ و ئەم حکومەتە پەڵەیەکی نەنگە بەسەر ڕوخساری ئەو کۆمەڵگایەوە. ئەم بزووتنەوەیە لەژێر کاریگەری کێشمەکێشە دەروونییەکانی حکومەتدا نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ تەواوی حکومەت و باڵەکان و پایەکانی دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی کردۆتە ئامانج. هێرش بۆ سەر فەرماندەییەکان، بەسیج و سوپا، مەکتەبی ئیمام جومعەکان و پایەکانی دەسەڵاتی ڕژێم، لەلایەکەوە قووڵیی نەفرەتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکیش بەرامبەر ڕژێمی ئیسلامی سەرمایەداران عەکس دەکاتەوە، وە لە لایەکی دیکەوە بەرجەستەبوونی ئیرادەی عەزیمی خەڵکییە کە بڕیاریانداوە جمهوری ئیسلامی تێپەڕێنن.  

حزبی حکمەتیست لە هەڵسەنگاندنەکانی خۆیدا و لەوانەش لە بەڵگەنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی هەشتەمی حزب نزیک بە دوو مانگ پێش ئێستا لە مانگی نۆڤەمبەر ٢٠١٧دا لە پەیوەند بە ئەوزاعی سیاسی ئێرانەوە، بە پێشوازی ئەم ئەوزاعەوە ڕۆیشت و تەئکیدی کردبۆوە؛ "کۆنگرەی هەشتەمی حزبی حکمەتیست ڕادەگەیەنێ کە دەورەی داهاتوو، دەورەی هێزنواندنی فراوانتری بزووتنەوە ڕیشەدارە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگایە، بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی دژی بێکاری، بزووتنەوەی ئازادی ژنان، بزووتنەوەی دژی ئیسلام و خورافە دەبێ. توندبوونەوەی قەیرانی حکومەتی ئیسلامی و توندبوونەوەی هەژاری و برسێتی و بێکاری و ئیختناق و بێ ئاییندەیی دەیان ملیۆن کەس، ئاسۆی یه کلاکردنه وه ی چارەنووس لەگەڵ جمهوری ئیسلامی دەکاتە پێشەنگی سیاسەتی ئێران". ئەم پێشبینییە ڕووی داوە و حزبی حکمەتیست لەگەڵ باوەڕبەخۆ بوون و ئیشتیاقی بۆ پێشڕەوی و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوە هەق تەڵەبانەیە تێدەکۆشێ.

خاڵی بەهێزی ئەم بزووتنەوە سەرنگوونی خوازە سەراسەری بوون و دژە ئیسلامی بوونی ئەوە لەگەڵ ئامادەگیی بەلاداخەر و کاریگەری کرێکاران، ژنان و لاوان و جەماوەری ملیۆنی خەڵکی ژێر ستەم و هەق خواز. ئەم بزووتنەوەی بەڕێکەوتووە لە قووڵایی کۆمەڵگاوە بە پێچەوانەی سەرەگێژەی ڕیفۆرمخوازان و مایەپووچ بووە سیاسییەکانەوە، کە لە هەوڵدان ئەم ناڕەزاییانە ببەستنەوە بە باندە ڕەقیبەکانەوە، خۆشباوەڕییەکی بە حکومەتی ئیسلامی و باڵەکانی نییە و لەپێناو گسکدانی ئیسلام و حکومەتی ئیسلامی هاتۆتە مەیدان. ئەمە بزووتنەوەیەکە بۆ ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی کە حکومەتی هەژاری و گرانی و ئیختناقی ئیسلامی هێناوەتە ژێر پرسیار. ئەم ناڕەزاییانە لە کاتێکدا کە شکڵ و شێوەی سەرەتایی ڕێکخراو بوونی هەیە و لە ڕێڕەوی خۆیدا دروستی دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا پێویستی بە یەک ڕابەرایەتی و یەک ئاسۆی سەرانسەری هەیە بۆ سەرکەوتن و هێنانەخواری ڕژێمی ئیسلامی. مەحدودییەتەکانی ئەم بزووتنەوەیە نەبوونی ئۆرگانەکانی ڕابەری و ڕێکخەرە لە ئاستی سەرتاسەریدا کە لە هەر قۆناغێکا یەکێتی و پێشڕەوی بزووتنەوەی ناڕەزایی دابین بکا. حزبی حکمەتیست و کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی کۆمۆنیست ئەرکیانە ئەم بۆشاییە بە خێرایی پڕبکەنەوە.

مەرجی سەرکەوتن ئەمەیە کە یەکەم، ئەم بزووتنەوەیە لە هەر قۆناغێکی خەباتی خۆیدا بە هیچ شتێکی جمهوری ئیسلامی ڕازی نەبێ و هەر سازشێک لە ڕێڕەوی خۆیدا شکست بدات. جمهوری ئیسلامی، بەبێ ئەم لاو ئەو لا، دەبێ بڕوات. دووهەم، بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ سیاستی  کۆنەپەرستانی جیهانی و ناوچەییەکان و بۆ وەستانەوە بەدژی سیاسەتی ناسیونالیستی و قەوم پەرستانە کە ڕیزەکانی خەڵکی بەرامبەر سەرتاپای حکومەت پەرتەوازە و لەناو دەبا، دەبێ ڕاوەستن. سێهەم، ئۆرگانەکانی کاری ڕاستەوخۆ و شۆڕشگێڕانە بەرپاکەن لە پێناو ڕێکخستن و ڕاکێشانی جەماوەرێکی فراوانتری خەڵکی زەحمەتکێش بۆ ناو ڕیزەکانی خەبات بە دژی ڕژێمی ئیسلامی، وەکو ئامڕازی ڕێکخەری ناڕەزاییەکان لە گەڕەکەکان و لە شوێنەکانی کار، وەکو ئۆرگانەکانی ڕاپەڕین. دەبێ لە هەموو جێگایەک شووراکان دروست بکرێن. خەتی سیاسی تاکتیکی ئێمە و ئەم بزووتنەوەیە با ئەمە بێت، کە بە هەر دەرەجەیەک ڕژێم بە فشاری ناڕەزایی و ڕاپەڕینەکانی شارەکان کۆنتڕۆڵی بەسەر کۆمەڵگاوە لەدەست ئەدا، لەلایەن ئۆرگانەکانی کاری ڕاستەوخۆی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشەوە، لەلایەن شوراکانی کرێکاران و خەڵکەوە پڕبکرێتەوە. چوارهەم، ئەم بزووتنەوەیە پێویستی بە دابین کردنی ئامادەگیی دیفاع لە خۆی کردنی هەیە بەرامبەر شەپۆلی سەرکوت و وەحشیگەری ڕژێم. دەبێ هەر پەلامارێکی ڕژێم بۆ سەر ڕیزەکانی ناڕەزایی تێکبشکێنرێ.

وەکو کۆمۆنیستی کرێکاری و ڕادیکاڵ و شۆڕشگێر دەبێ بەبێ ڕاوەستان و لە هەموو جێیەک تەشکیلات و ڕێکخراوی کۆمۆنیستی لە گەڕەک و شوێنی کار و ژیان بەفراوان کەینه وه. پێشڕەوانی کۆمۆنیست و هەڵسوراوانی کرێکاری دەبێ ڕاستەوخۆ ڕێکخراوی کۆمۆنیستی و حزبی لە بۆتەی ئەم ئاڵ و گۆرانەدا لە ئێران بێننە ئاراوە و دایانمەزرێنن و وەکو ئامڕازە ئەساسییەکانی ڕێکخستنی جەماوەری و وەڵامدانەوە بە پێویستییەکانی کێشمەکێشە سیاسی و چینایەتییەکان بەدەستیانەوە بگرن. ئێمە بە ئاراستەیەکا دەڕۆین کە ڕێکخراوە شاری و ناوچەییەکانی حزب لە ئێران جێگیر بکەین، وە دەبێ پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ئەم کارە لەنێو ئەم پرۆسەی خەبات و لەناوبردنەی حاکمییەتی ئیسلامیدا فەراهەم بکەین. حزب بانگەوازی ئەندامان، کادران، پێشڕەوانی کرێکاری و شۆڕشگێڕانی کۆمۆنیست دەکا کە ووشیارانە لەم پرۆسەیەدا دەخالەت بکەن و وەکو لایەنەکانی ڕابەرایەتیی ڕادیکاڵی ئەم بزووتنەوەیە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

مەسەلەی ژنان مەسەلەیەکی جددی و میحوەرییە لە کۆمەڵگادا. ئازادی کۆمەڵگای ئێران بەبێ ئازادی ژنان نامومکنە. هیچ ئاڵ و گۆڕێکی ئیجابی لە ئێران ناتوانێ بەبێ ڕۆڵی موهمی بزووتنەوەی ئازادی و یەکسانی ژنان و پیاوان بە ئەنجام بگا. بزووتنەوەی ئازادی ژنان ڕوکنێکی خەباتی سۆشیالیستییە بۆ یەکسانی و لەناوبردنی هەڵاواردن، بزووتنەوەیەکە بە دژی حجاب و هەڵاواردنی جنسی و دوژمنایەتی لەئاشتی نەهاتوو لەگەڵ سەرتاپای حاکمییەتی ئیسلامیدا. ئێمە بانگەوازی ژنانی کۆمۆنیست و ئازادیخواز و یەکسانی خواز دەکەین ڕۆڵی فراوانتر بگێڕن لەم بزووتنەوەیەدا، لە دژی یاسا ئیسلامییەکان و یاسای هەڵاواردن و نایەکسانی، وە بۆ یەکلاکردنەوەی یەکجاریی چارەنووسی خۆ لەگەڵ جمهوری ئیسلامی و ئیسلام لە ئێراندا. سەرکەوتن بەسەر حکومەتی دژە ژندا لە ئێران، لە تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا خەبات بۆ ئازادی دەخاتە ژێر کاریگەری جددییەوە.

لە هەنگاوە دەستبەجێکان ئەمەیە کە لە داخل و خارج هەوڵ و تێکۆشان بۆ ئازادی فەوری و بێ مەرج و بەندی دەسگیرکراوانی ناڕەزاییەکانی ئەم دواییە و ڕاکێشانی پشتیوانی جیهانی شارستانی بۆ خەباتی ئازادیخوازانە و سەرنگونی خوازانەی خەڵکی ئێران دەسبەجێ لە هەموو جێگایەک بخرێتە دەستووری کارەوە. هەروەها دەبێ دروشمی ئازادی زیندانیانی سیاسی لە هەموو گردبوونەوەکاندا ببێتە سەرەکی و لەپێناو ئازاد بوونی زیندانیانی سیاسی و شکاندنی دەرگای زیندانەکاندا هەوڵی سەراسەری دەست پێ بکرێ. هەر لە سبەینێوە لە بەردەم زیندانەکاندا کۆبوونەوە ڕیکبخەن و خوازیاری ئازادی دەستبەجێی زیندانیانی سیاسیی ببن!

حزبی حکمەتیست، کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز بانگەواز دەکا خەباتی سەرتاسەری لە دژی گرانی و هەژاری و بۆ سەرنگوم کردنی جمهوری ئیسلامی و جێ بە جێ کردنی ئاییندەیەکی خۆشبەخت و ئازاد و سۆشیالیستی بەرفراوانتر بکەنەوە!

مەرگ بۆ جمهوری ئیسلامی!

بژی ئازادی، یەکسانی، خۆشگوزەرانی!
بژی جمهوری سۆشیالیستی!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حکمەتیست

١١ دیماه ١٣٩٦ – ١ جێنوەری ٢٠١٨

Share

 

مسئول سایت حزب

این آدرس ایمیل توسط spambots حفاظت می شود. برای دیدن شما نیاز به جاوا اسکریپت دارید

کمیته خارج کشور حزب حکمتیست

این آدرس ایمیل توسط spambots حفاظت می شود. برای دیدن شما نیاز به جاوا اسکریپت دارید

کمیته کردستان حزب حکمتیست
این آدرس ایمیل توسط spambots حفاظت می شود. برای دیدن شما نیاز به جاوا اسکریپت دارید

دفتر مرکزی حزب حکمتیست

این آدرس ایمیل توسط spambots حفاظت می شود. برای دیدن شما نیاز به جاوا اسکریپت دارید

Tel:+46762349683