اطلاعیه ها

ڕاگەیاندنی دەفتەری سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئیران-حیکمەتیست دڵی گەورەی هاوڕێ حسێن مورادبیگی (حەمە سور) لە لێدان کەوت!

ڕاگەیاندنی دەفتەری سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئیران-حیکمەتیست
دڵی گەورەی هاوڕێ حسێن مورادبیگی (حەمە سور) لە لێدان کەوت!

بە داخێکی گرانەوە ڕایدەگەیەنین کە هاوڕێ حسێن مورادبیگی (حەمە سور) سیمای ناسراوی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران و کوردستان بەجێی هێشتین. لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٢ەوە حەمە سوری خۆشەویستمان ماوەی ١٢ ساڵە لەژێر چارەسەری بەردەوامدا بەرەنگاری شێرپەنجە دەبێتەوە . دواجار کاتژمێر ٢٣:٢٠ شەوی شەممە ٤ی ئایاری ٢٠٢٤، بۆ هەمیشە لە باوەشی گەرمی بنەماڵەکەی و خزمە نزیکەکانی لە شاری ستۆکهۆڵم چاوی لێک نا.

بێگومان زیاتر لە نیو سەدە تێکۆشان و چالاکی درەوشاوەی کۆمۆنیستی و حزبی حەمە سور لەگەڵ خەبات‌و هەوڵی جەماوەری کارگەری لە کۆمەڵگای ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان تێکەڵ بووە. هاوڕێ حسێن مورادبیگی لە نەوەی یەکەمی گەنجانی دژە باو و ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردستانی ئیران بوو، کە لە ساڵی ١٣٤٨ ی هەتاوی ئاڵای سۆسیالیستی و چەپیان بەرزکردەوەو ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستیان دامەزراند. ڕێکخراوێک کە لە سەردەمی شۆڕشی ١٣٥٧دا ناوی کومەڵەی هەڵگرت و لەو کاتەدا لە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ڕژێمی شاهانە لە کوردستان ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا.

ڕۆڵی حەمەسور لە زیاتر لە نیو سەدە خەباتی ڕێکخراوو حزبی دژ بە سیستەمی سەرمایەداری و حکومەتی شاهەنشاهی و کۆماری ئیسلامی بە ڕێکخستن و دەستپێشخەریە گەورەکانی، کە سەرچاوەی گۆڕانکاری گرنگ لە کۆمەڵگای کوردستان و ئێران بوون، دەناسرێتەوە. وەک تەنها نموونەیەک، ئەو یەکەمین فەرماندەی سەربازی پێشمەرگەی کومە ڵه بوو، کە لە ساڵی ١٣٥٨ و ساڵانی دواتردا لە خستنەسەرپێی بزووتنەوەی چەکداری جەماوەری دژ بە لەشکرکێشی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆڵی حاشا هەڵنەگری لە ئەستۆ گرت. کێ دەتوانێ نکۆڵی لەوە بکات کە لەو سەردەمەدا ناو و ناوبانگی فەرماندە حەمەسور لە شار و گوندەکانی کوردستان و لەسەر ئاستی بزووتنەوەی چەپ و شۆڕشگێڕانە هاندەری گەنجانی خەباتگێڕ بوو بچنە ڕیزەکانی شەڕی چەکداری لە دژی سەرکوتگەران و پاسەوانەکانی جەهل ‌و خورافاتی کۆماری ئیسلامی.

هاوڕێ حسێن مورادبیگی مارکسیستێکی بەتوانا و یەکێک لە ئاڵاهەڵگرانی مارکسیزمی شۆڕشگێڕ و کەسایەتییە سەرەکییەکانی دامەزرێنەری حزبی کۆمۆنیستی ئێران و یەکێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کارگەری بوو. بێگومان ناو و ناوبانگی حەمە سور لە بزووتنەوەی فراوانی ئازادی و یەکسانی، لە بزووتنەوەی گێڕانەوەی ئیرادە بۆ ئینسان، لە بزووتنەوەی جەماوەری و چەکداری خەڵکی کوردستان لە دژی هەڵاواردنی چینایەتی و نەتەوەیی و لەوەش گرنگتر لە بزووتنەوەی مارکسیستی و کۆمۆنیستی کارگەری چەند دەیەی ڕابردوودا نەخشێنراوە.

بە کۆچی هاوڕێ حسێن مورادبیگی (حەمە سور) کارگەران، ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان یەکێک لە شێلگیرترین دۆستانی خۆیان، جووڵانەوەی کۆمۆنیزمی کارگەری و ڕەوتی ئێمە یەکێک لە سەرکردە و هاوسەنگەرە دێرینەکانی چەندین ساڵەی خەباتی بەردەوام، ڕیزی بەرفراوانی هاوڕێیان و دۆستانی ئەو یەکێک لە ڕاستگۆترین و دروستترین کەسە هەمیشە خۆشەویستەکانمان لەدەستداوە.

ئێمە بەر لە هەمووان پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ لەدەستدانی حەمە سوری ئازیزمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خەمبارو ئازیزی ئەو، هەروا سەرجەم هاوڕێیان و دۆستانی بێشوماری ئەو و ڕیزەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کارگەری دەکەین. ئێمە بە پابەندبوونمان بە خەبات بۆ ئامانجە کۆمۆنیستی و ئینسانیەکانی ئەو ڕێز لە یادی ئازیزی دەگرین.

لە ڕاگەیاندنەکانی داهاتوودا لە ڕۆژ و کاتی مەراسیمی یادی هاوڕێ حەمەسور ئاگادارتان دەکەینەوە.

یادی هاوڕێ حسێن مورادبەیگی (حەمەسور) هەمیشە زیندووە.

 

دەفتەری سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران – حیکمەتیست

٥ی ئایاری ٢٠٢٤