اطلاعیه ها بخش ویژه

بەڕێز بێ یادی هاوڕێ حسێنی مورادبەیگی ناسراو بە حەمە سوور

بەڕێز بێ یادی هاوڕێ حسێنی مورادبەیگی ناسراو بە حەمە سوور

کاک حسێنی مورادبەیگی یەکێک لە ئەندامە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە و بەرپرسی نیزامیی ناسراوی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، پاش ماوەیەک بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشینی شێرپەنجە لە وڵاتی سوئد ماڵاوایی لە ژیان کرد. هاوڕێ حەمە ساڵی ١٣٣٠ لە بۆکان لەدایک بوو و لە بۆکان و تەورێز خوێندی و دواتر چووە دانشسەرای تەورێز بۆ ئەوەی ببێتە مامۆستای زمانی ئینگلیسی. لە سەرەتای دامەزرانی کۆڕە سەرەتاییەکانی خوێندکارانی چەپی کورد لە زانکۆکانی تاران و تەورێز و شارەکانی دیکە بەشداری ئەو کۆڕانە بوو و دواتر کە ئەو کۆڕانە خۆیان وەکوو حیزبێکی سیاسی ڕاگەیاند و کۆمەڵەیان پێکهێنا کاک حەمە یەکێک لە ئەندامە سەرەتاییەکانی ڕێبەریی کۆمەڵە بوو. کاک حەمە ساڵی ١٣٥٢ بە هۆی چالاکییە سیاسییەکانیەوە بە دەستی ساواک گیرا بەڵام خۆڕاگرانە نهێنییەکانی کۆمەڵەی پاراست. هاوڕێ حەمە سوور بەرپرسی یەکەم فێرگەی پێشمەرگایەتیی کۆمەڵە و یەکەم فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو. لە ساڵانی چالاکیی خۆیدا ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو و بەرپرسایەتیی جۆراوجۆری لە ئەستۆ بوو. کاک حەمە دواتر لەگەڵ ڕەوتی ناسراو بە کۆمۆنیستی کرێکاری کەوت و تا کۆتایی ژیانی لە ڕیزی ڕێبەرایەتیی ئەو حیزبەدا درێژەی بە چالاکیی خۆی دا.
بەداخەوە هاوڕێ حسێنی مورادبەیگی ڕۆژی ٥ی مانگی مەی ساڵی ٢٠٢٤ پاش نزیکەی ١٢ ساڵە بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشینی شێرپەنجە ماڵاوایی لە ژیان کرد. ڕێز لە یادی دەگرین و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و ئازیزانی دەکەین و خۆمان بە بەشداری خەمیان دەزانین.

سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٦ی مەی ٢٠٢٤