اطلاعیه ها بخش ویژه

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عیراق بە بۆنەی مەرگی هاوڕێی ئازیزمان حوسێنی مراد بیگی (حەمە سور)

 

دوای دوانزە ساڵ لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، شەوی شەممە (٤-٥-٢٠٢٤)، لە سوید و لە شاری ستۆکهۆڵم، دڵی پڕ لە میهرەبانی و ئینساندۆستی هاوڕێ (حەمە سور) بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت، و هەڵسوڕاوێکی بەرجەستەی کۆمۆنیستی ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران و کوردستان بەجێیهێشتین.
هاوڕێ (حەمە سور) بە درێژایی نیو سەدە لە خەباتی پەیگیرانەی کۆمۆنیستی بەردەوام، لە دەورانی جیاوازی دکتاتۆریەتی شاهەنشایی و جمهوری ئیسلامیدا، و لەنێو خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە دژی ڕژێمی ئیسلامی، ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە. لە جەرگەی ئەم خەباتەیدا و لەناو (کۆمەڵەی زەحمەتکێشان) و (حزبی کۆمۆنیستی ئێران)دا بەرپرسیاریەتی فەرماندەی هێزی سەربازی ئەو ڕێکخراوەی گرتۆتە ئەستۆ و لێهاتوانە ئەنجامی داوە.
ئەو لەنێو فەزای بزووتنەوەی چەکداریی (کۆمەڵە)دا ڕووخسارێکی کۆمۆنیستی بەرجەستە بوو، وە هەردەم لەگەڵ ڕادیکاڵبوونەوەی (کۆمەڵە) و گرتنەبەری خەتی مارکسیزمدا بووە، و بەدریژایی خەباتی لەو دەورانەدا لەبەرامبەر ناسیۆنالیزمدا ڕۆڵی بەرجەسەتەی گێڕاوە.
هاوڕێ (حەمە سور) لە پەرەسەندنی کێشمەکێشەکانی دوایی ناو (کۆمەڵە) و (حزبی کۆمۆنیستی ئێران)دا هەردەم پەیگیر بووە لەسەر هەڵوێستی کۆمۆنیستی و ئینتەرناسیۆنالسیتی خۆی. لە ساڵەکانی دواتریشدا قامەتی کۆمۆنیستی خۆی بەرز ڕاگرتووە لەبەرامبەر هەموو ڕەوت و ڕەوەندە فیکری و سیاسیـیە کۆنەپەرستەکانی بۆرژوازی هەر لە ئیسلامیزم و ناسیونالیزم و نیو-لیبرالیزم و نیو-فاشیزمەوە تا ڕادیکاڵییەتی سەروو چینایەتی، و تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی ڕاوەستاوانە بەرگریکار بووە لە کۆمۆنیزم و ئینتەرناسیۆنالیزم.
بەشیک لە هاوڕێیانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) هاوڕێ و دۆستی نزیکی هاوڕێ (حەمە سور) بوون بۆ ساڵانێکی زۆر و پەیوەندی نزیک و دۆستانەیان هەبووە لەگەڵیدا.
هاوڕێ (حەمە سور) لە دامەزرێنەرانی (کۆمەڵە) بوو، وە لەگەڵ دروستبوونی (حزبی کۆمۆنیستی ئێران) لە (١٩٨٣)دا وەک ئەندامی ناوەندی ئەو حزبە هەڵدەبژێردرێت، و لە (١٩٩١)یشدا پەیوەیست دەبێت بە (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران) و پاشان بە (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران / حیکمەتیست).
ئەو ئەزموونی خۆی و مێژووی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێرانی دوای شۆڕشی (١٩٧٩)ی لە کتێبێکدا بەناوی (مێژووی زیندوو) تۆمار کردووە.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خانەوادەی ئازیزیان و سەرجەم هاوڕێیان و دۆستانی و (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری- حیکمەتیست) دەکات.
یاد و یادگاریـیەکانی هاوڕێ حوسێنی مراد بیگی (حەمە سور)، و ئاوات و ئامانجە کۆمۆنیستیـیەکانی بۆ هەمیشە بەزیندوویی دەمێننەوە.
٥-٥-٢٠٢٤